دێرەزوور.. “هەسەدە” وەدەرنانی چەکدارانی “رژێمی سوریا” و گەڕانەوەی ئارامی لە گۆڕەپانەکانی جەنگ راگەیاند
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند کە “چەکدارانی رژێمیان وەدەرناوە” لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور، دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی گەمارۆدانیان، ئەوەش دوای دزەکردنی ئەو میلیشیانە لە کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە هات.
کۆنترۆڵی سەربازی لە دێرەزوور دابەشکراوە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە بنکەکانیان لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فوراتە، هاوکات هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هەڵسوڕاوەکان لە لایەن ئێرانییەکانەوە لە ناوەندی دێرەزوور لە کەناری رۆژئاوای رووبارەکە، کۆنتڕۆڵ دەکەن.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، کە هێزەکانیان چەکدارانی “رژێم”یان لە شارۆچکەی زیبان وەدەرناوە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە دزەکردنیان لە شاری ئەلمەیادینەوە لە کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە.
لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی رۆژی دووشەممەدا، “هەسەدە” رایگەیاند کە دوو گرووپی چەکداری سەر بە هێزەکانی رژێمی دیمەشقیان لە هەمان شارۆچکە گەمارۆ داوە.
“هەسەدە” ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەک چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، کە گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “رژێمی سوریا” لە کەناری رۆژئاوای رووباری فورات.
شایەتحاڵانی لە ناو شارۆچکەی زیبانەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، لە کاتژمێرەکانی شەوەوە ئارامیەک بە سڵەمینەوەوە باڵی بەسەر شارۆچکەکەدا کێشاوە.