گیانلەدەستدانی منداڵێکی ئاوارەی رۆژئاڤا لە کامپی بەردەڕەش لە هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

شەوی دوێنێ، ئاگر لە خێوەتێکی کامپی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کوتەوە، کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، بەهۆیەوە منداڵێک گیانیلەدەستدا.

سەرچاوەکان گوتیان، خێوەتێکی پەنابەران گڕی گرتووە و بەتەواوەتی سووتاوە؛ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان کە لەو خێوەتەدا بوو سووتاوە و بەهۆی بەرزی پلەی سوتانەکەیەوە، گیانیلەدەستداوە.

“عەبدولوەهاب محەممەد”ی تەمەن پێنج ساڵان ئەو منداڵە بوو کە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە خێوەتەکەیان گیانیلەدەستدا.

 سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرێتی کامپەکەوە بە میدیا ناوخۆییەکانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە و لێکۆلینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکەن.

کامپی بەردەڕەش دەکەوێتە باشووری قەزای بەردەڕەشەوە کە سەر بە پرێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستانە، لە کۆتایی ساڵی 2019دا و بەھۆی ھێرشی تورکیاوە بۆسەر شارەکانی گرێ سپی و سەرێکانیێ، بەشیک لە دانیشتووانی ئەو شارانە ئاوارەی باشووری کوردستان بوون، ئەو کامپە وەک پەناگەیەکی کاتیی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کورستان دروستکرا.