هێزەکانی رژێمی سوریا لە پشت سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانن لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ئەو هێزانەی رژێمی سوریا کە لە کەناری رۆژئاوای رووباری فورات جێگیرن، پشتیوانی ئەو چەکدارانەیان کرد کە هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کەناری رۆژهەڵاتی رووبارەکە، لە گوندەواری دێرەزوور.

سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەکدارانی هەڵسوڕاو لە لایەن رژێمی سوریاوە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی دوێنێدا دزەیان کردووە بۆ کەناری رۆژهەڵاتی رووبارەکە و هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی “هەسەدە” لە شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە هێوربوونەوەی گەڕی یەکەمی گرژییەکان لەو ناوچەیەی رۆژئاوای کوردستان.

شایەتحاڵان رایانگەیاند، هێزەکانی رژێمی سوریا لە شارۆچکەکانی ئەلقوریە و ئەلمەیادین بە دۆشکە و ئاڕ پی جی تەقەیان لە شارۆچکەکانی ئەلتەیانە و زیبان کردووە، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو چەکدارانەی کە بە هەر بە دنەی ئەوان پەلاماری “هەسەدە” دەدەن.

دانیشتوانی شارۆچکەی زیبان گوتیان کە ئەوان گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەک بووە، کە شارۆچکەکەی هەژاندووە، هەروەها دەنگی تەقە لە گەڕەکەکانی لەتوا و تەعمات و رەملییە بیستراون.

دوابەدوای ئەم پێشهاتانە، ئەنجومەنی سەربازی “هەجین”ی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات قەدەغەی هاتووچۆی تەواویان بەسەر شارۆچکەی زیبان و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا سەپاند و رایگەیاند کە “مەبەست لەمە دڵنیابوونە لە سەرکەوتنی کارەکانمان و ئەرکە سەربازییەکانمان لە بەدواداچوونی کەسانی داواکراو و تێکدەران”.

بەپێی سەرچاوەکان، دوابەدوای ئەو پێکدادانە پچڕپچڕانەی لە چواردەوری گەڕەکی لەتوە و گەڕەکەکانی دیکە روویاندا، بەشیک لە خێزانەکانی گەڕەکەکە ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوون، دەستبەجێ “هەسەدە” هێزی سەربازیی هێنایە ناوچەکە بۆ رێگرتن لە هەر کارێکی تێکدەرانە.

سەرکردەیەکی “هەسەدە”  لە ڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کەوا دۆخی ئەمنی “لەژێر کۆنترۆڵی هێزە سەربازییەکانیاندایە و “هەسەدە” بە توندی وەڵامی هەر کەسێک دەداتەوە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری شارۆچکەکە دەدەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، راوەدوونانی چەکدارەکان و تێکدەرەان لەو گەڕەکانەی کە دزەیان کردووەتە ناویەوە، بەردەوامن.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان