ئۆکرانیا کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای رووسیا رادەگەیەنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئۆکرانیا ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند کە فەرماندەی دەریایی رەشی رووسیا لە هێرشێکی مووشەکیدا هەینی رابردوو بۆ سەر نیمچە دوورگەی کریما کوژراوە.

فەرماندەیی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکەی هەینی رابردوو کە بارەگای بەلەمی دەریای رەشی رووسیا لە سیڤاستۆپۆلی کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی 34 ئەفسەری رووسی کە لەنێویاندا فەرماندەی بەلەمەکە بوون و برینداربوونی 105 سەربازی دیکە .

پێشتر هەواڵەکان سەبارەت بە کوژرانی فەرماندەی بەلەمی دەریای رەش، دەریاوان ڤیکتۆر سۆکۆلۆڤ دەرکەوتن، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکانی ئۆکرانیا لەو کاتەدا هەواڵەکەیان پشتراست نەکردەوە، لەکاتێکدا مۆسکۆ تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر راگەیاندنی کیێڤ نەداوە.

لەبەرامبەردا روسیا هێرشی کردە سەر ئۆدێسا، شاری بەندەری ئۆکرانیا و بەپێی فەرماندەیی سەربازی ئۆکرانیا، لانیکەم دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی شەوێکدا چوار فرۆکەی بێفرۆکەوان لە ئاسمانی بەشی باکووری رۆژئاوای دەریای رەش و بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیا تێکشکاندووە.

شەممەی رابردوو، کیریلۆ بودانۆڤ، بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەڵمەتەکەدا لانیکەم نۆ کەس کوژراون و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.