هەولێر – نۆرس پرێس
بەرێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق، ئەمرۆ دووشەممە، دەستگیرکردنی نۆ چەکداری داعش لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا راگەیاند.
هاوکات هەر ئەمرۆ هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی فەرماندەی ” هێزە بیانیەکانی” نێو داعشیان لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند.
بەرێوەبەرایەتی هەواڵگری عێراقی لە راگەیەنراوێکدا کە ئاژانسى هەواڵى عێراقی بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ” پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی دروست و بە هاوکاریی هێزە چەکدارەکانی عیراق تواندرا لە چەند ناوچەیەکی ئەنبار و نەینەوا ژمارەیەک چەکداری داعش دەستگیر بکریت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 9 چەکداری داعش کە تۆمەتبارن بە “تیرۆر” بەپێی برگەکانی مادەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە قەزای رومادی و موسڵ دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیراوەکان رادەستی دەسەڵاتە یاسایی کراون.