هەسەدە: هێزەکانمان گروپێکی چەکداری حکومەتی سوریا لە دێرەزوور گەمارۆداوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، دوو گروپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حکومەتی سوریان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور گەمارۆ داوە، کە لە شاری مەیادینەوە دزەیان کردووەتە نێو شارۆچکەکە لە رۆژهەلاتی رووباری فورات.

هەسەدە له بەیاننامەیەکدا له پێگەی فەرمی خۆیدا رایگەیاند “هێزەکانیان دوو گرووپی چەکداریان لە نێو زیباندا گەماروداوە”.

هەسەدە دەلێت “رێوشوێنی ئەمنی دەستبەجێی پێویست بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گرتووەتەبەر و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دانیشتووان بۆ ناوچە ئارامەکان کردووە، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان، و رێگریکردن لە چەکدارەکان لە تێوەگلانیان لە هێرشە تیرۆریستییەکانیان تا ئەو کاتەی ئارامی بەرجەستەبکرێت”.

هەسەدە روونیشیکردەوە، لەکاتی پێکدادانەکاندا ژمارەیەک چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تۆپخانەی هێزەکانی حکومەتی سوریا  بە شێوەیەکی هەرەمەکی ناوچەکەی ژێر کۆنترۆلی هەسەدە تۆپباران کردوە.