هەولێر-نۆرس پرێس
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، تانکی ئەبرازمی ئەمریکی گەیشتوەتە دەست هێزەکانیان و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن، دو بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش دەڵێن، “ئۆکرانیا ئەو تانکانە لە هێرشی هەڵگەڕاوە دژی روسیا بەکاردەهێنێت.”
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن رستم عەمرۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیەوە هەواڵیان پێگەیشتوە، کە تانکی ئەبرامزی ئەمریکی گەیشتوەتە دەست هێزەکانی ئۆکرانیا.
پێشتریش دو بەرپرسی ئاگاداری پێنتاگۆن ئاماژەیان بەوەکردبو، یەکەم گوژمی تانکەکانی ئەبرامزی ئەمریکی رەوانەی ئۆکرانیا کراوە، بڕیارە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە هێرشی هەڵگەڕاوە دژی روسیا بەکاری بهێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەفتەی رابردو، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەم زوانە 31 تانکی ئەبرامزی دروستکراوی وڵاتەکەیان رەوانەی ئۆکرانیا دەکەن، نرخی ئەو تانکانەش دەگاتە 43 ملیا دۆلار.
ئەو تانکانەی رەوانەی ئۆکرانیا کراون، تەقەمەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی تیرەی 120 ملیمەتریان لەسەرە، بڕیاری ناردنیشی بۆ ئۆکرانیا لەلایەن بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە رەخنەی لێگیرا.