خێڵه‌كانی ره‌قه هاوسۆزی خۆیان بۆ خۆپیشاندانه‌كانی دژ به لێدوانی به‌رپرسانی توركیا راگه‌یاند
ره‌قه- نۆرس پرێس
ریشسپی و ماقوڵانی خێڵه‌كان له ره‌قه‌ی باكوری سوریا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه هاوسۆزی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌رانی دژ به لێدوانی به‌رپرسانی توركیا راگه‌یاند.
له 12ی ئه‌م مانگه‌وه (ئاب) چه‌ندین خۆپیشاندان له ده‌یه‌ها شار و ناوچه‌ی سوریا، كه له‌لایه‌ن توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، دژ به بونی توركیا تێیاندا ئه‌نجامدراو ئاڵای ئه‌و وڵاته‌یان سوتاند.
محه‌مه‌د توركی سوعان، ریشسپی خێڵی سه‌بخه ده‌ڵێت، لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی به‌رپرسانی توركیا، روی راسته‌قینه‌ی توركیا‌و سیاسه‌ته‌كای له سوریا ده‌رخست، كه كاركردنه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.
ئه‌وه‌شی وت، توركیا فێڵی له به‌شێكی گه‌لی سوریا‌و ئه‌و سوریانه كرد كه ئێستا له دژی خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
سوعان له به‌شێكی قسه‌كانیدا بۆ نۆرس پرێس وتی، سه‌رجه‌م سورییه‌كان هاوبه‌شی شۆڕشی سوریان و به‌رده‌وامن له جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی ئازادی و كه‌رامه‌ت و ئه‌نجامدانی چاكسازی له وڵات و كۆتاییهێنان به دیكتاتۆری و سته‌م.”
به‌ڵام توركیا به‌پێی ئه‌وه‌ی سوعان ئاماژه‌ی پێكرد، “ڕێڕه‌وی شۆڕشی گۆڕی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، ته‌ونی كۆمه‌ڵایه‌تی پێكهاته‌كانی سوریای له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاند.”
پێنجشه‌ممه‌ی رابوردو، مه‌ولود چاوه‌ش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی له‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ میقداد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا كۆبوه‌ته‌وه‌و داوایكردوه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ئاشته‌وایی بكه‌ن.
ئه‌و لێدوانه، نیگه‌رانی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی لێكه‌وته‌وه، كه له ئێستادا ئۆپۆزسیۆنی سوری سه‌ر به توركیا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوه.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه یوسف ئه‌سعه‌د، یه‌كێك له ریشسپیانی خێڵی ولده له ره‌قه رایگه‌یاند، سورییه‌كان به پانتایی سوریا هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی دژ به لێدوانی به‌رپرسانی توركیا ئه‌نجامدران.
ئه‌وه‌شی وت، خێڵه‌كان ئیدانه‌ی گرتنی ئه‌و گه‌نجانه ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه له‌سه‌ر سوتاندنی ئاڵای توركیا راده‌ستی توركیا كراون.