دەسەڵاتدارانی تورکیا 48 پەنابەری سورییان بۆ گوندەواری حەسەکە دیپۆرتکردەوە
سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 48 پەنابەری سورییان بۆ گوندەواری حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دیپۆرتکردەوە، کە گروپەکانی “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا کۆنترۆڵی دەکەن.
کارگێڕێکی دەروازەی سەرێ کانیێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دوێنێ دەسەڵاتدارانی تورکیا 48 پەنابەریان بە زۆرەملێ بۆ گوندەواری باکووری حەسەکە دیپۆرتکردەوە کە نزیکەی 15 ژن لە نێویاندا هەبوون، لە رێگەی دەروازەی سنووریی سەرێ کانیێوە لەگەڵ تورکیا.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە خێرایی دیپۆرتکردنەوە زیادیکردووە، دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی رابردوودا دابەزینێکی رێژەیی بەخۆوە بینی.
دوێنێش یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا، 450 هاوڵاتی سوریایان دیپۆرتکردەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو.
لەسەرەتای مانگی تەمموزی رابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی دیپۆرتکردنەوەیان دژی بەو پەنابەرە سورییانەی کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، بەتایبەتی لە شاری ئەستەنبوڵ دەستیپێکردووە، کە بەپێی گوتەی چالاکوانان تا ئەم کاتە نزیکەی 12 هەزار کەس دیپۆرتکراوەتەوە.