پرخەکردن لەکاتی خەودا مەترسی لەسەر دڵ و مێشک دروستدەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
نزیکەی یەک لە هەر پێنج کەسێکی پێگەیشتوو دووچاری پرخە پرخکردن و وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
ئەگەر حاڵەتەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 30 زیاترە و ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی لەسەدا 60 زیاترە.
د. دەیڤید جارلی، لە کلینیکی “بێتەر سلیپ” دەڵێت: ئەو کەسانەی بەهۆی پرخەکردنەوە لەکاتی خەوتندا هەناسەدانیان دەوەستێت، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵەکوتێ و خەمۆکی و جەڵتەی مێشک و ئەگەری تووشبوونیان بە سستبوونی دڵ بە ڕێژەی لەسەدا 140 زیاترە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم کردارە لە خەودا دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی بیرچوونەوەش”.
قەڵەوی، خواردنەوەی کحول، جگەرەکێشان، خەوتن لەسەر پشت، کەمی غودەی دەرەقی هۆکارێکن کە ئەگەری بەرکەوتن بەو حاڵەتە زیاد دەکەن.
پرخەکردن لە پیاوان زیاترە و لەگەڵ تەمەندا مەترسییەکەی زیاتر دەبێت، جارلی وتی: “لانیکەم 8 ملیۆن بەریتانی بەدەست ئەم حاڵەتەوە دەناڵێنن، ئەم ژمارەیەش بەرز دەبێتەوە. گرنگە چاودێری نیشانەکان بکرێت کە بریتین لە پرخەکردن بە دەنگی بەرز، لە خەو هەڵسان بە وشکبوونەوەی دەم یاخود سەرئێشە “.