وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئوردن بەقاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکانی لە سوریاوە تاوتوێ دەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی ئوردن لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی جەختیانکردەوە لە پێویستی راگرتنی هەڕەشەکانی قەیرانی سوریا بۆ سەر ئاسایشی ئوردن و ناوچەکە، له نێویاندا پرسی بەقاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکان.
دوێنێ شەممە، ئەیمەن سەفادی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن و وەزیری دەرەوەی ئوردن لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پرسی هەردوو وڵات و پرسە ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.
دەربارەی دۆسیەی سوریا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە قەیرانەکانی ئەو وڵاتە کرا، هەروەها هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەریی، بەپێی میتۆدۆدی “هەنگاو بە هەنگاو”، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش “بە شێوەیەک کە یەکێتی، یەکگرتوویی و ئاسایشی سوریا بپارێزێت” و سەقامگیری و ماف و خواستەکانی گەلی سوریا بەدی بهێنێت”، ئەوەش لە راگەێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردندا هات.
سەفادی جەختی لە پێویستی راگرتنی ئەو هەڕەشانە کردەوە کە قەیران بۆ سەر ئاسایشی ئوردن و ناوچەکە دروستی دەکات، بە تایبەت مەترسی بەقاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکان، کە ئوردن بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ شکستپێهێنانی.
هەروەها وەزیری ئوردن جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو گرژییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
سەفادی گوتی، “ئامانج لەمە بریتییە لە چارەسەرکردنی هەموو هۆکاری گرژی و دڵەڕاوکێکانە” ئاماژەی بە “گرنگی ئەو گفتوگۆ ئەمنییانە کرد کە هەردوو وڵات دەستیان پێکردووە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و رەوینەوەی دڵەڕاوکێکان”.