نەتەوەیەکگرتووەکان: پێویستە رێز لە کورد بگیرێت و گوێ لە دەنگیان بگیرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە کورد لە ناو ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین، هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە ئازادن و گوێ لە دەنگیان دەگیرێت.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆرک و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لەسەر پرسگەلی جیا لەوانە، گۆڕانی کەشوهەوا، دوجاریک سەبارەت بە دۆخی کورد، ئاماژەی بەوەدا، “ئێمە ئاگاداری مێژووی کوردین لە سەرانسەری جیهان، لە هەموو ئەو وڵاتانەی کورد تێیدا دەژی، زۆر گرنگە کە ئەوان رێزیان لێبگیرێت و ئازاد بن و گوێ لە دەنگیان بگیرێت”.

لە لایەکی دیکەوە، ئاندرێ مانگۆ، سەرۆکی پەرلەمانی کۆنگۆ رایگەیاند، کورد شایستەی ئەوەیە بە ئازادی بژی، پرەنسیپەکانی دادپەروەری و دیموکراسی و ئازادی بەهای باو و گشتین لە جیهاندا، خەڵکی کوردستانیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی مرۆیی، شایەنی ئازادین و ئەم پەیامە دەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆبوونەوەکانی 78ەمین دانیشتنی گشتیدا ببیسترێت””.

سێشەممەی رابردوو، لوتکەی 78ەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 190 سەرکردەی جیهانی لە نیویۆرک دەستیپێکرد، دانیشتنەکە بریتی بوو لە لوتکەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، لوتکەی دارایی جیهانی و سێ کۆبوونەوەی باڵا سەبارەت بە تەندروستی و کەشوهەوا و گەنجان، ئەمە جگە لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا.