عێراق و تورکیا هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێدەکەن

هەولێر -نۆرس پرێس

بەرپرسانی کۆمپانیای سومۆ و حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای حکومی بۆتاسی تورکی زنجیرە کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوە، لە کۆبونەوەکانیش پلانیان بۆ رێژەی نەوتی هەناردەکراو، ئاستی بەرهەمهێنان و پابەندییەکانی هەردولا بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت داڕشتوە.

ماڵپەڕی “Iraq oil report” بڵاویکردەوە، زنجیرەیەک کۆبونەوەی تەکنیکی لە نێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی دواییدا بەڕێوەچوە، پرسی سەرەکی کۆبونەوەکانیش دانوستانەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بوە.

چەند بەرپرسێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سومۆ” و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکانی تورکیا “بۆتاس” لە تورکیا و هەولێر چەند کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

چەند بەرپرسێکی ئاگادار ئەوەیان ئاشکرا کرد، لە کۆبونەوەکان باس لە دۆسیەی تەکنیکی و بازرگانی پەیوەست هەناردەی نەوتی هەرێم کرا، ئەوەش دوای شەش مانگ لە راگرتنی.

ئەوەشیان خستەڕو، بەرپرسانی عێراق و هەرێم و تورکیا پلانیان بۆ رێژەی هەناردەی نەوت، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و پابەندییەکانی هەردولایەن داڕشتوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ لە دوای دەرچونی بڕیاری ژوری نابژیوانی پاریس، لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، لە بەرژەوەندی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.