دەسەڵاتدارانی تورکیا 460 پەنابەری سووری بە زۆر دیپۆرت دەکەنەوە
تەل ئەبیاد – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی تورکیا 460 پەنابەری سوورییان لەنێویاندا ژن و منداڵ، لە رێگەی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا لە باکووری سووریا بە زۆرەملێ دیپۆرتکردەوە.
سەرچاوە کارگێرییەکان لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “ئەمرۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 460 پەنابەری سوورییان لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا دیپۆرتکردەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو”.
روونیشیکردەوە، 110 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سەر بە تورکیا کران لە دەروازەی تەل ئەبیاد لە باکووری رەققە و بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی پەناگە.
هاوکات بەپێی سەرچاوەکان، دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە) نزیکەی 350 پەنابەری بە ژن و منداڵەوە لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا رادەست کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە تایبەتیەکانیان دیپۆرتکراوەکانیان کشاندەوە، دەست و پەنجمۆریشیان گرتووە بۆ دڵنیابوون لەوەی ناگەرێنەوە سەر خاکی تورکیا.
سەرچاوەکانی ناو دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هەزار دیپۆرتکراو.