برینداربوونی دوو منداڵ لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی “دیفاع وەتەنی” لە حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، دوو منداڵ بە گولـلەی وێڵ لە گەڕەکەکانی موفتی و خەشمان لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بریندار بوون، ئەمەش دوای پێکدادانەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکانی “دیفاع وەتەنی” کە سەر بە خۆیانن و ئێستا لێیان یاخی بوون، روویاندا، لە گرژییەکدا کە ناوچەکە لە هەینی رابردووەوە لە نێوان هەردوولادا بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی “گەل” لە شارەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەبەردەم ماڵەکەی لە گەڕەکی موفتی، منداڵێک بە ناوی تیجان مەحمود (تەمەن 10 ساڵ) بە گولـلەیەک لە پێیدا بریندارکرا.
سەرچاوەیەکی دیکەش لە نەخۆشخانەی “ئەلرەجا”وە رایگەیاند، کە منداڵێک بە ناوی تەسنیم ئەحمەد (تەمەن 6 ساڵ) فیشەکێک بەر سنگی لای چەپ کەوتووە و برینداربووە.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادان و تۆپبارانانەی شەوی پێنجشەممەی رابردوو لە سەرتاسەری شارەکەدا، منداڵێک گیانی لەدەستدا و دوو خوشک و گەنجێکیش بە شێوەیەکی مامناوەند برینداربوون.
ئێوارەی دوێنێ شاری حەسەکە پێکدادان و بۆردومانی توندی نێوان گروپی “دیفاع وەتەنی” و هێزەکانی حکومەتیان بەخۆوە بینی، کە تا دوای نیوەشەو بەردەوام بوون و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش گرژییەکان بەردەوامن.