بریندارکردن و دەستبەسەرکردنی چەند کۆچبەرێکی سوریا لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە لە سنوور بەرەو تورکیا
سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لە ناوچەکانی ئەلمەبروک لە رۆژئاوای سەرێ کانیێ و عزمارین لە رۆژئاوای ئیدلب، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو تورکیا، سێ کۆچبەری سوری برینداربوون و 16ی دیکەش، کە ژنیشیان تێدابوو، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە دەستگیرکران.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “جەندرمەی تورکیا کۆمەڵێک پەنابەری سڤیلیان کردە ئامانج لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی دیواربەندی سنووریی لەگەڵ تورکیا لە شارۆچکەی مەبرۆکەی رۆژئاوای سەرێ کانیێ، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو کۆچبەر جگە لە دەستبەسەرکردنی 9ی ی دیکە”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هاوڵاتییەکی سڤیلی تەمەن چلەکانیش بە گولـلەی جەندرمەکانی تورکیا بریندار بووە، هەروەها 7 کەسی دیکە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو تورکیا لە ناوچەی عزمارین لە رۆژئاوای ئیدلب دەستبەسەرکراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، جەندرمەی تورکیا بریندارەکان و دەستبەسەرکراوەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بۆ لێپرسینەوە پێش ئەوەی لەڕێگەی دەروازەکانی باکووری سوریاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆز بۆ خۆیانی بکەنەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی قوربانیان لە ئەنجامی هێرشەکانی جەندرمەی تورکیا لە نزیک سنوور بۆ 34 کەس بەرزبووەتەوە، کە 20یان لە گوندەواری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا بوون.