ئیسرائیل بۆردوومانی ژێرخانێکی سەربازی حکومەتی سوریا دەکات لە نزیک جۆلان
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە “هێزەکانی ئیسرائیل ژێرخانێکی سەربازیی حکومەتی سوریایان بۆردومان کردووە، بە هۆی ئەوەی پێشێلی (رێککەوتنی روبەڕوونەبوونەوە)یان کردووە، لە ناوچەی عەین ئەلتینە لە بەرزاییەکانی جۆلان”.
بۆردوومانی تۆپخانەکان لە پاش هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە دێت کە پێشتر دوو ئەندامی بزووتنەوەی “جیهادی ئیسلامی فەلەستینی”تێدا کوژرا.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تانکەکانی سوپا دوو باڵەخانەی کاتییان بۆردومانکردووە کە سوپای سوریا لە ناوچەی عەین ئەلتینە بەکاریدەهێنان و روونیشیانکردووەتەوە کە بوونی ئەو هێزانە لەو ناوچەیەدا پێشێلکردنی “رێککەوتنی روبوڕوونەبوونەوە”ی نێوان ئیسرائیل و سوریایە.
راشیانگەیاند، بۆردومانەکە دوای ئەوە هاتووە، کە هەواڵگری سوپای ئیسرائیل لە رۆژی چوارشەممەدا بینای کاتی لە ناوچەی بیمەدا بینیوە و دانانی بیناکان بە پێشێلکردنی “رێککەوتنی روبوڕوونەبوونەوە” دادەنرێت کە لە ساڵی 1974 لە نێوان ئیسرائیل و سوریا واژۆکراوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ئیسرائیل رێگە بە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی “رێککەوتنی روبوڕوونەبوونەوە” نادات.
ئەو رێککەوتنەی لە 31ی ئایاری 1974 واژۆ کراوە بە دوا دیمەن دادەنرێت دوای شەڕی پەرتبوون کە تیایدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە نێوان هێزەکانی سوریا و ئیسرائیل لە جۆلان دەستیان پێکردەوە، دواتر دانوستانەکان بەمەبەستی رێککەوتن و ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا لەسەر دەستپێشخەرییەکی ئەمریکا لە سەردەمی وەزیری دەرەوە هێنری کیسینجەردا و بەڵگەنامەکە لەو کاتەدا لە جنێڤ واژۆ کرا.