گیانلەدەستدانی منداڵێکی دوو ساڵان بە هۆی بەرکەوتنی ماڵەکەیان بە گولـلە هاوەنێک لە شاری حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، منداڵێک لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گولـلە هاوەنێک بەسەر ماڵەکەیاندا لە گەڕەکی ناسرە، لە شاری حەسەکە گیانی لەدەستدا.

شایەتحاڵێکی چاودێر لەو گەڕەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “منداڵەکە ناوی زیدان ئەلمحەمەد (تەمەن دوو ساڵ)، لە بەرکەوتنی ماڵەکەیان بە گولـلە هاوەنێک لە گەڕەکی ناسرە لە شارەکە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هاوەنەکە لە ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنیەوە هاتبوو، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی سوریادایە”.

لە رۆژی چوارشەممەوە، چوارگۆشەی ئەمنی لە شاری حەسەکە شەڕ و پێکدادانی نێوان گروپی “دیفاع وەتەنی” و هێزەکانی حکومەت بەخۆوە دەبینێت، لە ئەنجامدا حەوت کەس بە پلەی جیاواز بریندار بوون، هەروەها کوژراو و برینداربوونی پێنج ئەندامی حکومەتی سوریاشی لێکەوتەوە و تا ئێستاش گرژییەکان بەردەوامن.

ئامادەکردنی: سامر یاسین