ماڵپەڕێکی فەڕەنسی زانیاری نوێ دەربارەی رۆشتنی مێسی لە پاریس ئاشکرا دەکات
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، راپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسی زانیاری نوێ دەربارەی رۆشتنی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی لە پاریس سانجێرمان ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “لو سپۆرت 10″ی فەرەنسی، مێسی دەیتوانی لەگەڵ سان جێرمان بمێنێتەوە و گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە ئەگەر بڕیارێکی درەنگوەخت نەبوایە.
لیۆنێل مێسی لە وەرزی نوێدا رەتیکردەوە بڕگەی درێژکردنەوە لە گرێبەستەکەیدا کارابکات و تەنیا بۆ ماوەی دو وەرز لەگەڵ پاریس سانجێرمان بوو و پاشان روی لە ئینتەرمیامی کرد.
دوابەدوای رۆشتنی مێسی لە سان جێرمان، تیمی پاریسی بڕیاریدا کریستۆف گالتیێ راهێنەر لە پۆستەکەی دوربخاتەوە و لویس ئێنریکی لە شوێنی ئەو دابمەزرێنێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر پاریس سانجێرمان مانگ و نیوێک پێش وادەی راگەیاندنی بەرپرسیارێتی ئینریکی گرێبەستی لەگەڵدا بکردایە، ئەوا مێسی لە یانەی پاریس دەمایەوە.
ئینریکی بە یەکێک لە باشترین راهێنەرەکان دادەنرێت کە مێسی لە ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ بەرشەلۆنە کاریان لەگەڵدا کردوە، چونکە تیمەکە لە ساڵی 2015دا سەرکەوتو بووە لە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ.