بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.. مۆسکۆ داوای کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی “بەپەلە” دەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
مۆسکۆ داوای کرد کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق “بە زووترین کات” ئەنجامبدرێت، هاوکات ئاماژەی بە بەردەوامی ئامادەکارییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی بیست و یەکەمین کۆبوونەوە لەسەر سوریا لە سەر شێوەی ئەستانە.
ئەمە لەلایەن میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیاوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بریکاری وەزیری دەرەوەی فیدراسیۆنی رووسیاوە هات، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی رووسیا.
ئەو بەرپرسە رووسییە لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ئایندە بۆ ئاساییکردنەوە، گوتی: “ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە دیمەشق و لە ئەنقەرە و بێگومان تاران، ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویست ناکات کات بەفیڕۆ بدەین و دەبێت بە خێرایی بجوڵێن”.
سەبارەت بە وادەی دیاریکراو بۆگدانۆڤ گوتی، “هێشتا هیچ وادەیەک نییە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بەم ئاراستەیە هەنگاو بنێن، چونکە ئەمە ڕاستترینە”.
یەکەمین کۆبوونەوەی چوار قۆڵی تایبەت بە سوریا لە 10ی ئایاردا لە مۆسکۆ بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، تورکیا، سوریا و ئێران بەڕێوەچوو، تیایدا بڕیاردرا بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە راسپێردرێت.
لە هەمان کاتدا دیپلۆماتکارە رووسییەکە رایگەیاندووە، کە ئێستا لایەنەکەیان هەموارکردنەوەی کۆتایی دەخەنە سەر نەخشەی رێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، لە ئەستانە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو بەڵگەنامەی پڕۆژەی کە ئامادەی کردووە “دەبێت لەسەر بنەمای رێبازێکی کۆدەنگی و نەخشەڕێگایەک بێت، کە لەگەڵ هەموو لایەکدا بگونجێت”.
لە میانی کۆبوونەوەی سوریا لە سەر شێوازی ئەستانە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، رووسیا رایگەیاند کە لایەنەکان تاوتوێی رەشنووسی نەخشەڕێگاکەیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەیە.
دەسەڵاتدارانی سوریا زیاتر لە جارێک رایانگەیاندووە، داوا دەکەن تورکیا هێزەکانی لە باکوری وڵاتەکە بکشێنێتەوە وەک مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوە، لە کاتێکدا ئەنقەرە ئەمە رەتدەکاتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات لایەنی سوریا پەیوەندی لەگەڵیدا بکات لە دەستەبەرکردنی سنوورەکاندا، کە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت.
لە ئاستێکی دیکەدا، بۆگدانۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی بیست و یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە سوریا بە شێوەی ئەستانە، ئاماژەی بەوەدا کە “دوو شاند لە سوریاوە بەشداری لەو کۆبوونەوانە دەکەن کە لە خولی بیست و یەکەمدا ئامادەکارییان بۆ دەکرێت”.
دوایین کۆبوونەوەی خولی بیستەم لە 20 و 21ی حوزەیران لە ئاستانە بەڕێوەچوو، کە تێیدا نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئوردن، لوبنان و عێراق وەک چاودێر بەشدارییان کرد.
ئەم گفتوگۆیانە لەو کاتەدا بە ململانێ لە هەڵوێستی کازاخستان کۆتایی هات سەبارەت بەوەی کە ئایا میوانداری خولێکی دیکە دەکات لە ئەستانە یان شوێنێکی نوێ بۆ خولەکانی دواتر هەڵدەبژێردرێت.