سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی سکاڵا لە سەر هێرشەکەی عەرەبەت تۆمار دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا میکانیزمی تۆمارکردنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی تاوتوێیان کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەمنی عێراق، لە هێرشەکەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 18ی ئەم مانگە، بۆ سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەرەبەت، شەش ئەندامی دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی کوژران و برینداربوون.
دوای هێرشەکە، چەندین لایەنی سیاسی عێراقی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد، سەرۆکایەتی کۆماریش، بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی فەرمی رادەستکرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقدا هاتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، فایەق زەیدان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی کردووە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی یاسایی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەبارەت بە هێرشەکەی عەربەت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە میکانیزمی پێشکەشکردنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کردووە سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی دەزگای دژە تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی شەهیدکران”.