ئەسەد گەشتە چین

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی “سانا”ی سەر بە حکومەتی سوریا رایگەیاند، کە بەشار ئەسەد و خانمی یەکەمی ئەم وڵاتە ئەسما ئەسەد، بە سەردانێک گەشتنە چین.

“سانا” وێنەی ساتی گەشتنیانی بڵاوکردەوە، کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خانژۆو بە مەراسیمێکی فەرمی پێشوازیان لێکرا، کە تێیدا ئەسەد و هاوژینەکەی لەلایەن وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی ئەو وڵاتە و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاری پارێزگای ژێجیانگ، گۆنگ شیوێی و باڵیۆزی چین لە دیمەشق و هاوسەرەکەی ئامادەی بوون.

پێشتر سەرچاوەیەکی پلەبەرزی حکومەتی سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، کە سەردانەکە کۆمەڵێک کۆبوونەوە و بۆنە لەخۆدەگرێت کە ئەسەد لە شارەکانی خەنجو و پەکینی پایتەخت ئەنجامی دەدات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرۆککۆماری سوریا دەیەوێت لەڕێگەی سەردانەکەیەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات و بەدوای هاوبەشی ستراتیژیدا بگەڕێت بۆ بەدیهێنانی بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ ناوخۆی سوریا.

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، لایەنی سوریا هیوادارە پشتیوانی بەردەوامی چین لە پرسە نێودەوڵەتییەکان بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی سەبارەت بە قەیرانی سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی.