هەولێر-نۆرس پرێس
گەردەلولێکی بەهێز روی لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی چین کرد و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تەنها لە دوێنێدا 137 خانو و باڵەخانە لە ئەنجامی ئەو گەردەلولە روخاون و 400 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
میدیای “سی سی تی ڤی” فەرمی چین بڵاویکردەوە، گەردەلولێکی بەهێز لە دوا نیوەڕۆی دوێنێ سێسەممە روی لە شاری سوچیانی سەر بە ناوچەی جیانگسۆ کرد و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددیش بەر چەندین خانو و باڵەخانەی ناوچەکە کەوت.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 137 خانو و باڵەخانە زیانیان بەرکەوتوە، 400 کەس برینداربون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و 10 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، ناوەندەکانی کەشناسی چین، لە بارەی بەردەوامبونی بارانی بە خوڕ و چالاکبونی رەشەبا لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن.
لە مانگەکانی رابردو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چین روبەڕوی شەپۆلێکی گەرمای توند بونەوە و لەگەڵیدا رێژەی شێ بەرزبو و ناوەندەکانی کەشناسی، دۆخی کەشوهەوای ئەو وڵاتەیان بە هاوشێوەی “ساونا” وەسف دەکرد.
لە ئێستاشدا ماوەی دوو رۆژە شەپۆلی باران بارینی بەهێز و چالاکی رەشەبا روی لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی چین کردوە.