هەولێر-نۆرس پرێس
دواى 24 کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، ئەرمینیا و ئازەبایجان لە ناوچەی ناگۆرۆنۆ-قەرەباغ، لەسەر داواى روسیا، ئاگربەستیان راگەیاند.
بە گوێرەی میدیای ئازەربایخان، ئەمڕۆ 20ى ئەیلول، بۆ زیاتر گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستەکەوە، هەردوولا لە شاری یاڤلاخی ئازەربایجان کۆدەبنەوە.
گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە، کاتێک سەرىهەڵدایەوە، کە رۆژی سێشەممە، نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند، ئازەربایجان ئۆپراسیۆنێکی زەمینی بۆ بە ئامانجگرتنی گروپی ئیتنیکی ئەرمەنییە قەرەباغییەکان دەستپێکردووە، گوتیشى، ئەرمینیا بەشدارنییە لەو شەڕە دەستەویەخەیەدا و هیچ سوپایەکی لە قەرەباخدا نییە.” بەڵام، ئیستا دۆخەکە هیورە و هیچ لە ئارادا نییە”.
لەگەڵ دروستبوونى گرژییەکاندا، ئەرمینا رایگەیاند، 27 سڤیل بەهۆی لەشکرکێشی ئازەربایجانەوە گیانیان لەدەستداوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانى باکۆ دەڵێن، تەنها یەک سەرباز کوژراوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش نەیانتواینوە هیچ کام لەو ئامارانە پشتراست بکەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، سوپای ئەرمینیا “بە سیستماتیک بۆمبارانی پێگەی سوپای ئازەربایجان لەو ناوچەیە کردووە”، ئەوانیش ئۆپراسیۆنێکیان بۆ “رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەرکردنی سوپای ئەرمینیا لەو ناوچەیە دەستپێکردووە”.
وەزارەتی بەگریی ئەرمینیاش رایگەیاند، “ئەوەی ئازەربایجان دەیڵێت دوورە لە راستییەوە و هیچ پێگەیەکی سەربازیی ئازەربایجان نەکراوەتە ئامانج”.
ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، دووجار جەنگیان دژی یەکدی بەرپا کردووە. یەکەمیان ساڵانى دوای رووخانی (یەکێتی سۆڤیەت لە 1991) دەستیپێکرد و دووەمیان لە ساڵی 2020دا بوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوچەکە وەکو بەشێک لە ئازەربایجان ناسێندراوە، بەڵام ئەرمینیا بە بەشێک لە خۆی دەزانێت.