لە شاری حەسەکە لە نێوان دوو هێزی حکومەتی سوریا شەر دروستبوو

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، شەر و پێکدادانی، لە نێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و گروپی بەرگری نیشتمانیی ئەو وڵاتە لە “چوارگۆشەی ئەمنی” لە ناوەراستی شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، روویدا، هەر یەکێک لەو دوو هێزە، هێز و چەکداری زیاتر دەهێنێتە ئەو ناوچەیە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە چوارگۆشەی ئەمنی نێو شاری حەسەکە کە لە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی حکومەتی سوریادایە، بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانی هەردوو هێزی سەر بە حکومەتی دیمەشقدا، کوژراو و بریندار هەبووە، و ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێرەکانی  بەربەیانیدا دەنگی چەکی قورسیان بیستراوە.

هەینی رابردوو عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی گروپی “بەرگریی نیشتمانی” سەر بە هێزەکانی حکومەت، دەستی بەسەر نانەواخانەیەکدا گرت لە ناوەراستی چوارگۆشەی ئەمنیدا، هەروەها هێزیکی حکومەتی سوریا دەرکرد، پاش ئەوەی ئەو هێزە رازی نەبوو نان بە ئەندامانی بەرگری نیشتیمانی بدات”.

لەگەل دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، بەشێک لە دانیشتوانی گەرەکەکانی نزیک لە چوارگوشەی ئەمنی، لە ترسی فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان، بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترڵی هەسەدە ئاوارە بوون.

لە پارچە ڤیدیۆییەکدا، عەبدلقادر حەمۆ، کەسایەتییەکی سەربازی بە ناوی “عەمید حیکمەت” و ئەمنی سەربازی تۆمەتبار دەکات بە ئالۆزکردنەوەی دۆخەکە دەستگرتن بە سەر بارەگای بەرگری نیشتمانیدا.

بەپێی قسەکانی حەمۆ، عەلی مەملوک، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانیی سوریا و جێگری سەرۆکی سوریا بۆ کاروباری ئاسایش، داوای سێ ملیۆن دۆلاری کردووە تاوەکو دەستوەردان بکە و دۆخی چوارگوشەی ئەمنی  ئاسایی بکات”.

لە ناوەراستی مانگی رابردوودا، بە هۆی نانکۆکی نێوان بەرگری نیشتیمانی و هۆزی جبور بۆ ماوەی 10  رۆژ دۆخی شاری حەسەکە تێکچوو بوو.

بەرەبەیانی ئەمرۆ زانکۆی فورات لە شاری حەسەکە بریاری دا تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی  بۆ خوێندکارانی ئامادەیی کە بریاربوو ئەمرۆ لە کۆلێژی هونەر و زانستە مرۆڤایەتییەکان بەرێوەبچێت بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.