میلیشیا چەکدارەکان کۆچبەرانی کورد لە سەرێ کانیێ رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن

سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانی ئەنقەرە، پێنج دەستگیرکراوی خەڵکی شاری سەرێ کانیێان رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، کە چەند مانگێک بوو لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بوون و گوازرانەوە بۆ زیندانەکانی تورکیا لە شاری ئورفە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، “پێنج هاوڵاتی کورد لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا دەستگیرکراون، لە میانی هەڵمەتێکی دەستگیرکردن کە لەلایەن شورتەی عەسکەرییەوە و دەزگای ئەمنی جەیش وەتەنییەوە لە شارۆچکەی ئەلمەبروکا لە رۆژئاوای سەرێ کانیێ ئەنجامدران”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دەستگیرکراوەکان گەنجی کوردن، و لەلایەن میلیشیای “شورتەی عەسکەری” دڵسۆز بۆ تورکیاوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها “تۆمەتی ئەمنی” لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەیاندا تۆمارکراوە، روونیشیکردووەتەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا دەستگیرکراون، کە بەنیاز بوون پەنا بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بەرن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، میلیشیای “جەیش وەتەنی” ئەو پێنج دەستگیرکراوەیان گواستووەتەوە بۆ ئەو زیندانەی کە ناویان لێناوە “ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” دوای دەستگیرکردنیان لە شاری سەرێ کانیێ، هەتا لەڕێگەی دەروازەی سەرێ کانیێوە رادەستی هەواڵگری تورکیا بکرێنەوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی