کردەوە “دوژمنکارەکانی تورکیا” لە فڕۆکەخانەی عەربەت سەرکۆنە دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق هێرشە ئاسمانیەکەی تورکیایان بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە شاری سلێمانی لە ڕێگەی درۆنێکەوە، سەرکۆنە کرد، لە عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان بە “دەستدرێژی” وەسف کرا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران.

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شاری سلێمانی، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، شەهیدبوونی سێ کەس وبرینداربوونی سیانی دیکەیان رایگەیاند، کە بەهۆی ئەو هێرشەوە کرابوونەئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەرەبەتەوە لە سلێمانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە “کاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 18ی ئەیلوول درۆنێک لە سنووری تورکیاوە هاتە نێو ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە.”

یەحیا رەسوول دەڵێ، ئەو هێرشە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، ئاسایش و سەلامەتیی خاکەکەیەتی، تێکدان و هەڕەشەکردنە لە ئاشتەوایی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان، هەروەها پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی پرەنسیپ و ئامانجەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

هەروەها دەشڵێت “ئەو پێشێلکارییە چەندبارەبووانە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشی نێوان وڵاتان ناگونجێت و هەڕەشە لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی عێراق لە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی باش و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێیەکانی دەکات.” دەشڵێت “عێراق مافی خۆیەتی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە رووداوەکەی ئێوارەی دوێنێی عەربەت رایگەیاند، ”ئاگاداری رووداوەکەی عەربەتین، بۆ زانیاری بگەڕێنەوە لای دامودەزگا عێراقییەکان کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا دەکەن”

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی کرد و گوتی، “ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سلێمانییە”، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی جێبەجێ بکات، خاک و ئاسمانی عێراق و کوردستان بپارێزێت.

لەو هێرشەدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدبوون بە ناوەکانی (هیوا قادر حسێن کە خەڵکی شاری کەرکووکە، ئیڤان عەدنان حسێن ئەویش خەڵکی شاری کەرکووکە، ڕابەر ئەنوەر محەمەد کە خەڵکی شارۆچکەی ماوەتە ناوچەی شارباژێڕ)، وابڕیارە ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنیان بۆ ئەنجام بدرێت.