وەزیری دەرەوەی عێراق: دەبێت لە زووترین کاتدا پرسی کەمپی هۆل یەکلایی ببێتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی دیدارەکەیدا لە نیویۆرک لەگەڵ گەیر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردەوە.
وەزارەتی دەڕەوەی عێراق له بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوێنێ یەکشەممه، وەزیر فوئاد حسێن له پەڕاوێزی کۆبوونەوەکانی خولی 78ەمینی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەل گەیر پێدەسن نێردراوی تایبەت بۆ سوریا کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا تاوتوێ کرا.
فوئاد حسێن، جەختی لەوە کردەوە کە ” دەبێت قەیرانی سوریا بەپێی بریارە نیودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێت”.
هەروەها جەختی لە سەر پێویستی “چارەسەری” پرسی کەمپی هۆلی کردەوە، و داوی کرد وڵاتان بەشداربن لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان، چونکە کەمپەکە “مەترسییەکی هەمیشەیی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دروست دەکات”.
نزیکەی 30 هەزار هاوڵاتی عێراقی لە کەمپەکەدا دەژین، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، هاوکات حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاووڵاتییانی قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای پاڵپشتی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانەی کرد کە میوانداری پەنابەرانی سوریا لەسەر خاکەکانیان دەکەن، وتی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەشداری بکات لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی پەنابەرەکاندا.
بە وتی وەزیرەکەی عێراق، وڵاتەکەی میوانداری سەدان هەزار هاووڵاتی سووری دەکات.