کەنەدا بڕە پارەیەکی زۆر بۆ عێراق تەرخان دەکات

هەولێر-نۆرس پرێس

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕی سێ ملیۆن 700 هەزار دۆلار لەلایەن حکومەتی کەنەداوە بۆ بوژاندنەوەی زۆنگاوەکانی باشوری عێراق تەرخانکراوە، لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەوە کەرتی ئاژەڵداری ئەو ناوچەیە بەرەوپێش دەبرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانەکەی دابین دەکرێت.

ئیبتسام هیلالی ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، حکومەتی کەنەدا بڕی سێ ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری تەرخانکردوە بۆ زیندوکردنەوەی زۆنگاوەکانی ناوچەکانی باشوری عێراق، بە تایبەتی زۆنگاوەکانی پارێزگای زی قار.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن کەنداوە تەرخانکراوە، بۆ پڕۆژەی بوژاندنەوەی زۆنگاوەکانی عێراقە، لە رێگەیەوە پەرە بە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەدرێت و ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت، هەروەها کەرتی ئاژەڵداری بەرەوپێش دەبرێت.

ئەوەشی خستەڕو، پڕۆژەکە بە ئامانجی پاراستنی زۆنگاوەکان و میراتی جیهانی لە وشکبونەوە و گۆڕانی کەشوهەوا کاردەکات، چونکە لە ئێستادا ئەو ناوچانەی عێراق توشی کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی گەورەبوەتەوە لە ئەنجامی کەمبونەوەی ئاو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمی باران بارین لە وەرزی زستانی ساڵی رابردو، زۆنگاوەکانی باشوری عێراق لەمساڵدا بەرەنگاری وشکەساڵییەکی توند بونەوە.