ئاسایش گەڕانەوەی منداڵێکی ڕفێنراو لە حەسەکە ڕادەگەیەنێت
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند، توانیان منداڵێک بگەڕێننەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گەڕەکی ساڵحیەی شاری حەسەکە ڕفێندرابوو.
لە بەیاننامەیەکی ئاسایش دا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “ئێوارەی پێنجشەممە 14ی ئەیلول ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە، سەبارەت بە ڕفاندنی منداڵە شەش ساڵانەکە بەناوی (ئارێن عومەر شێخ مووس) لە گەڕەکی ساڵحیەی شاری حەسەکە .”
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک تۆمەتبار، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکان پشتڕاستکرایەوە، تۆمەتبارەکان لە ترسی دەستگیرکردنیان هەڵهاتن، منداڵەکەش گەڕێنرایەوە بۆ خێزانەکەی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناسنامەی ئەو دوو تۆمەتبارەی کە هەڵهاتوون و بڵاویانکردووەتەوە، بۆ ئەوەی دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن.