رۆژانە خواردنەوەی 2 بۆ 3 کوپ قاوە مەترسی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کەمدەکاتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

توێژینەوەیەکی بەڕیتانی دەریدەخات کە ئەو کەسانەی دوو بۆ سێ کوپ قاوە دەخۆنەوە لە ڕۆژێکدا، مەترسیی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکییان کەمترە؛ لەو کەسانەی کەمتر یاخود زیاتر قاوە دەخۆنەوە.

توێژینەوەکانی پێشتر چەند سوودێکی خواردنەوەی قاوەیان بۆ دەرخستووە، لەوانە کەمکردنەوەی مەترسیی شەکرە، نەخۆشیی جگەر، جەڵتەی مێشک و هەندێک جۆری شێرپەنجە. بەم هۆیەوە توێژەران ویستیان پەیوەندی نێوان خواردنەوەی قاوە و نەخۆشییە دەروونیەکان بدۆزنەوە.

توێژەرەکان ڕاپرسییەکی 150 هەزار کەسییان کرد و تێیدا پرسیاریان لە بەشداربووان کرد، لەبارەی خواردنەوەی قاوە و تەندرووستی دەروونیاندا لەنێوان ساڵی 2006 بۆ 2010دا. لەم ژمارەیەدا 81%ی بەژداربووان قاوەخۆر بوون.

لە توێژینەوەکەدا مەترسیی ئەوانەی کە دوو بۆ سێ کوپ قاوەیان دەخواردەوە لە ڕۆژێکدا کەمترین بوو. بەڵام لە سەروو سێ کوپەوە مەترسیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زۆرتر دەبوو.

بەرەنجامی توێژینەوەکە دەریخست کە خواردنەوەی قاوە بە ڕێژەیەکی کەم بەشێکە لە شێوازی ژیانێکی تەندروست بۆ بەرەنگاربوونەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو خەڵکیدا.