“لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 345 ملیۆن کەس مەترسی برسێتییان لەسەرە”

هەولێر – نۆرس پرێس

نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریدەدات لەوەی مەترسی لەسەر 700 ملیۆن کەس هەیە دووچاری برسێتی دژوار ببنەوە، بە گوێرەی لێکۆلێنەوەیەکی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کە لە 79 وڵاتدا ئەنجامدراوە، یەک لەسەر 10ی دانیشتووانی جیهان شەوان بە برسێتی دەخەون.

ئەمرۆ دووشەممە، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لێکۆڵینەوەیەکی خۆی کە لە 79 وڵاتدا ئەنجامیدا ئاشكرایکردووە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، یەک لەسەر 10ی دانیشتووانی جیهان کە دەکاتە نزیکەی 783 ملیۆن کەس، شەوان بە برسێتی دەخەون.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 345 ملیۆن کەس مەترسی برسێتییان لەسەرە. ساڵی 2022، تەنیا 200 ملیۆن کەس مەترسی برسێتییان لەسەر بوو.

سیندی مەککەین، سەرۆکی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، “ئێمە ئێستا رووبەڕووی ژمارەیەک قەیرانی درێژ مەودا بووینەتەوە کە قەیرانی مرۆیی گەورەی دروستکردووە. ئەمە وێنەیەکی راستی جیهانی ئێستایە و لە داهاتوو کارەسات دروست دەکات و لە ساڵانی داهاتوودا دووچاری کارەسات دەبینەوە.”

بە گوێرەی پێنوێنی برسێتی جیهانی لە ساڵی 2021دا سۆماڵ برسیترین وڵاتی جیهان بووە. لەنێوان مانگەکانی نیسان بۆ حوزەیرانی 2023دا، 6.5 ملیۆن کەس لە برسێتی دژواردا بوون، 1.8 ملیۆن منداڵ دووچاری بەدخۆراکی بوونەتەوە و 223 هەزار کەس لەو پەڕی برسێتیدا دەژین. لە کاتێکدایە، نزیکەی سێ ملیۆن سۆماڵی ئاوارە بوون.