بن فەرحان و پیدەرسن لە نیۆرک تاوتوێی چارەسەر لە سوریا دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی سعودییە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، گوتی، وڵاتەکەی “بە پەرۆشە” بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا کە یەکێتی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە بپارێزێت.
ئەمەش لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، لە پەراوێزی کارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 78ەمین دانیشتنیدا هات، و بارودۆخی سوریایان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە لە زاری وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەوە جەختی لەسەر “پەرۆشی شانشینی سعودییە کردەوە بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان بگات بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا کە یەکێتی و ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی وڵاتەکە بپارێزێت”.
ئەم وتووێژەی سعودییە لەکاتی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی سوەیدا دێت کە ماوەی نزیکەی چوار هەفتەیە داوای رۆشتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەری هەمیشەیی شانشینی عەرەبی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، دکتۆر عەبدولعەزیز ئەلواسڵ و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەزیری دەرەوە، عەبدولڕەحمان ئەلداود، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.