لێکنزیکبوونەوەیەکی مەترسیداری فڕۆکەی ئەمریکا و رووسیا لە ئاسمانی سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری سو-35 لە ئاسمانی باکووری سوریا نزیک بووەتەوە.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی و هێرشبەری MQ-9 کە سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، بە شێوەیەکی مەترسیدار لە فڕۆکەی سو-35ی هێزی ئاسمانی رووسیا نزیک بووەتەوە، لە کاتێکدا گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئەنجامدەدا بەدرێژایی سنووری باکووری سوریا.
ئەو جەنەراڵە رووسییە کە حمەیمێم بنکەکەیانە، ئاماژەی بەوەدا، رووداوەکە رۆژی 16ی ئەیلول لە سنووری باکووری سوریا روویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەوانە رووسییەکە دەستبەجێ رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ رێگریکردن لە پێکدادان.
لە ماوەی مانگەکانی تەمموز و ئابی پێشوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چەند لێکخشان و نزیکبوونەوەیەکی ترسناکیان راگەیاند لەگەڵ فڕۆکەکانی رووسیا، لە میانی ئەرکەکانیاندا دژ بەو رێکخراوە لە سوریا، کە بەشێکیان گەیشتە ئاستی هەڵدانی باڵۆنە گەرمەکان و پەکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی.
بەگوێرەی ئەوەی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا بڵاویکردۆتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 14 حاڵەتی “پێشێلکردنی” پرۆتۆکۆلی بەریەکنەکەوتنیان لە ئاسمانی سوریا و پێنج “پێشێلکاری” ئاسمانی لە تەنەف ئەنجامداوە.