دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 480 پەنابەریان بۆ سوریا دیپۆرت کردەوە.. لە نێویاندا هاووڵاتیانی عێراقی هەیە

گرێ سپی – ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 480 پەنابەریان، لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بەرەو باکووری سوریابە زۆرەملێ دیپۆرتکردەوە کە 16 پەنابەری عێراقی لە نێویاندا هەبوون.

دوێنی سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 480 پەنابەریان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆز بۆیان لەم دوو دەروازەیە کردووەتەوە”.

روونیشیانکردەوە، 160 پەنابەر کە 16 کەسیان عێراقی بوون، لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراون لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ ناوەندەکانی پەناگە گواستراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەمان ئەو سەرچاوە، تورکیا نزیکەی 320 پەنابەری رادەستی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کردووە، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هاتووە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە کەسییەکانی دیپۆرتکراوەکانیان وەرگرتووە و پەنجمۆریشیان کردوون، بۆ دڵنیابوون لەوەی جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە ناو خاکی تورکیا.

سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامەوە بۆ نۆرس پرێسیان گوتووە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە 7500 کەس.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی