ئاسایشی رۆژئاڤا گیانلەدەستدانی دوو ئەندامیان بەهۆی بۆردوومانی درۆنێکی تورکیاوە راگەیاند

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی درۆنێکی تورکیاوە، کە ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج لەسەر رێگای نێوان شارەکانی قامشلۆ و عامودا، دوو ئەندامی ئاسایش شەهیدبوون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون بە پلەی جیاواز، لە کاتێکدا لە هەوڵی پێدانی چارەسەری سەرەتاییدا بوون بەو کەسانەی لە ئەنجامی بەئامانجکردنەکەوە بریندار بوون.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج لە ڕێگای عەلی فرۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ، دەنگۆنی بوونی قوربانی و بریندار هەیە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا لە روپەڕی فەرمی خۆی ئێوارەی دوێنێ رایگەیاند، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی ئێمەی کردە ئامانج لەسەر رێگای بەیەکەوەبەستنی شارەکانی قامشلۆ و عامودە”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کە بەهۆی بەئامانجکردنەکەوە دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستداوە.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە درۆنەکەی تورکیا “بۆردومانی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کردووە کە هەوڵیانداوە چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان بکەن و لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنیان، هەشتیان بە پلەی جیاواز برینداربوون”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی