وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لە دوایین کۆبوونەوەی چوار قۆڵیدا باس لە کشانەوەی تورکیا لە خاکی سوریا کرا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ یەکشەممە، 17ی ئەیلوولی 2023، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی لە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی ئەم دواییەی لەگەڵ دیمەشق، ئەنقەرە و مۆسکۆ لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە پێشنیار کرابوو، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا، لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی جموجۆڵە گوماناوییەکانی ئەمریکا لە سەر سنووری سوریا و عێراق.
ئەمەش لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلوەفاقی ئێرانی هات، کە تێیدا وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکە و گۆرەپانی نێودەوڵەتی کرد.
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکەدا، پرسی سنووری سوریا و تورکیا وروژێنراوە. بەم پێیە سوریا و تورکیا لەگەڵ یەکتردا باسیان لەوە کرد کە تورکیا بەڵێن دەدات “یەکەم” هێزە سەربازییەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە، هەروەها “دووەم” سوریا بەڵێن دەدات کە هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنوور جێگیر بکات و “رێگری لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی خاکی تورکیا بکات”.
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەری ئەوە هەیە ئێران و رووسیا وەک کەفیلکار لەم پرسەدا رۆڵیان هەبێت.
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بەوپەری خۆشحاڵییەوە چاوەرێی راوێژکردنە لەگەڵ تورکەکان بۆ دۆزینەوەی رێگاکانی گەیشتن بە سنوورە ئاشتیخوازەکانی نێوان تورکیا و سوریا.
بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئەمریکا هەمیشە ویستوویانە فشارێکی زۆر بکەن بۆ داخستنی سنوورەکان، بەڵام ئەوان (سنوورەکان) بە “پلانێک” کراوەن کە بەپێی “بەرژەوەندی هاوبەشی سوریا و عێراق” دارێژراوە.
بە وتەی ئەو سەرۆکی دیپلۆماتکارەی ئێران، واشنتۆن نیازێکی لەو شێوەیەی هەیە ئەگەر دەرفەتی پێبدرێت، بەڵام عێراق و سوریا “ئەم مۆڵەتە نادەن بە هیچ لایەنێک بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە”.