لە رووداوێکی رەگەزپەرستانەدا.. کوژرانی پەنابەرێکی سوری لە پارێزگای کۆنیای تورکیا
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، لە رووداوێکی نوێی رەگەزپەرستانەدا دژ بە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، گەنجێکی پەنابەری خەڵکی شاری حەڵەبی باکووری سوریا، لە لایەن خاوەن کارگەیەک لە پارێزگای کۆنیای تورکیا تەقەی لێکرا و گیانیلەدەستدا.
کەسوکاری ئەو گەنجە سورییەی کە ناوی (عەمار ئیبراهیم تەبوش 22 ساڵ)ە رایانگەیاندووە، دوێنێ بە گولـلەیەک لە سەریدا بە دەستی خاوەنکارەکەی لە “ناوچەی پیشەسازی ئەنادۆڵ” لە شاری کۆنیای تورکیا جگەرگۆشەکەیان کوژرا. بە هۆی ئەوەی داوای کرێی کارەکەی کردبوو.
“تەبوش” خەڵکی شارۆچکەی “ئەلحازر”ە لە گوندەواری باشووری حەڵەب لە باکووری سوریا و نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ کارکردن بەرەو تورکیا رۆشتتووە.
لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردووداشدا گەنجێکی پەنابەری سوری خەڵکی شاری حەڵەبی باکووری سوریا بە دەستی گەنجانی تورک لە ویلایەتی ئیزمیری تورکیا کوژرا.
لەم دواییانەدا چڕی هێرشە رەگەزپەرستییەکان دژ بە پەنابەرانی سووری لە وڵاتی تورکیا پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و ئیزمیر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستیپێکردووە بۆ سەر ئەو پەنابەرە سوریانەی کە وڵایتەکەیاندا نیشتەجێن.