لیبیا.. نەتەوەیەکگرتووەکان دەرئەنجامی گەورەی قوربانیانی لافاو ئاشکرا دەکات بە گیانلەدەستدان و بێسەروشوێن و ئاوارە بوونەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکرد، ژمارەی گیانلەدەستدانی لافاوە کارەساتبارەکەی شاری دەرنە لە رۆژهەڵاتی لیبیا بۆ 11 هەزار و 300 کەس بەرزبووەتەوە، ئەم ژمارەیەش بە بەرچاوگرتنی ژمارەی بێسەروشوێنەکان پێدەچێت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هێشتا 10 هەزار و 100 کەسی دیکە لەو شارە وێرانبووەکەدا بێسەروشوێنن.
لە نوێکارییەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە کە لە شوێنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی لیبیا لە دەرەوەی دەرنا، لافاو بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 170 کەسی دیکە.
پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارانە بەرزببنەوە لەکاتێکدا تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری ماندوو نەناسانە کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان.
ئەم ژمارانەش هێشتا بەراییانەش، بە نزیکەی هەفتەیەک دوای زریانەکەی دانیال دێت لە باکووری رۆژهەڵاتی لیبیا، کە بەپێی نەتەوەیەکگرتووەکان “دۆخی مرۆیی بە تایبەتی لە دەرنا بە تاریکیی ماوەتەوە”.
بەهۆی ئەو وێرانکارییەی کە لافاوەکە لە ژێرخانی شارەکەی داوە، کێشەی توندی ئاوی خواردنەوە سەریهەڵداوە و لانیکەم 55 منداڵ بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە ژەهراویی بوون.
لە ناوچەکانی دەوروبەریش کە زۆربەیان ساڵانێکی زۆرە گیرۆدەی شەڕی چەکدارین، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە مەترسییەکانی جوڵەی مینە چێندراوەکان بە هۆی ئاوی لافاوەوە و هەڕەشە لەو خەڵکە سڤیلە دەکات کە بە پێ هاتوچۆ دەکەن.