هەولێر – نۆرس پرێس
ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سەربازی کودەتاچییەکانی نەیجەر، باڵیۆزی فەرەنسا و تیمی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان، وەک بارمتە دەستبەسەرکردووە.
ماکرۆن، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سەربازی نەیجەر، تیمی دیپلۆماتی فەرەنسایان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەستبەسەرکردووە، رێگریشیان لێدەکەن خۆراکی پێویست بخۆن، بەڵکو بە ژەمی خۆراکی ناو رێزی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان پێدەدرێت.
ئەو لێدوانانەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر، داوایان لەباڵیۆزی فەرەنسا کردبوو، وڵاتەکەیان جێبهێڵێت، بەڵام رەتیکردەووە بە گوێی داخوازییەکەیان بکات.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر، حکومەتی فەرەنسای تۆمەتبار کرد، بەبڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریا، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەر نەیجەر.
لە دوای کودەتاسەربازییەکەی 26ی تەمموزی رابردووەوە لە وڵاتی نەجیەر و دوورخستنەوەی محەمەد بازوم سەرۆکی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی، پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و نەیجەر ئاڵۆزی توندی تێکەوت.
رۆژی پێنجشەمەی رابردوو، حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سەربازی نەیجەر، هاوڵاتییەکی فەرەنسییان ئازاد کردووە، کە پێشتر لەو وڵاتە دەستبەسەر بووە.
دواتر وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئەو هاوڵاتییە فەرەنسییە ئازادکراوە، نوێنەری بیانییە بەرەگەز فەرەنسییەکان بووە، لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە نەیجەر.