بۆ سێیەم هەفتەی یەک لەدوای یەک… داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سوریا رانەگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، داعش ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئاشکراکرد کە دەڵێت هەفتەی رابردوو ئەنجامیداوە، لە عێراق و ناوچەکانی ئەفریقا و ئاسیا.

ماوەی سێ هەفتەیە رێکخراوەکە بانگەشەی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لە سوریا نەکردووە، ئەمەش جیاوازە لە هەفتەکانی پێشوو کە رێکخراوەکە هەموو هەفتەیەک چەندین ئۆپەراسیۆنی لە سوریا ئەنجامدەدا.

بێدەنگی ئەو رێکخراوە لەو کاتەوە هات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیان لە دێرەزوور دەستپێکرد، کە دواتر گۆرا بۆ شەر لە دژی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئێران و دیمەشق، چاودێران پێیان وایە کە رێکخراوەکە لەگەڵ هەردوولا هەماهەنگی دەکات و سیاسەتی بێدەنگی دەگرنەبەر “بۆ دڵنیابوون”. کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستوەردان لە پرۆسەی “بەهێزکردنی ئاسایش”دا نەکات.

رۆژنامەی ئەلکترۆنی ئەلنەبەع، سەر بە رێکخراوەکە کە لە لیستە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بڵاویکردەوە، ئەندامەکانی سێ ئۆپەراسیۆنیان لە عێراق ئەنجامداوە، کە ناوەندیان لە دیالە و ئەنبار بوو، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و زیانی ماددی لە سەربازگەیەکی سوپای عێراقی لێکەوتەوە و کۆمپانیایەکی حکومی.

رۆژنامەکەی رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەندامانی ئەو رێکخراوە سێ ئۆپەراسیۆنیان لە رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەنجامداوە و کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، هاوکات پێنج هێرشیان لە رۆژئاوای ئەفریقا ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 10 قوربانی و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە مۆزەمبیق لە سێ ئۆپەراسیۆنی ئەو رێکخراوەدا سێ کەس کوژران، لە کاتێکدا رێکخراوەکە یەک ئۆپەراسیۆنی لە خوراسان و مۆزەمبیق و پاکستان ئەنجامداوە و هەریەکەیان لە ئەنجامدا کەسێک گیانیلەدەستدا.