دەسەڵاتدارانی تورکیا 575 پەنابەری سوورییان بە زۆر دیپۆرتکردەوە

تەل ئەبیاد – نۆرس پرێس

رۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی تورکیا 575 پەنابەری سوورییان لە رێگەی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا لە باکووری سوریا بە زۆرەملێ دیپۆرتکردەوە.

سەرچاوە کارگێرییەکان لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “ئەمرۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 575 پەنابەری سورییان لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا دیپۆرتکردۆتەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و رادەستی دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا کران”.

روونیشیکردەوە، 190 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی کوتلە چەکدارەکان کراون لە دەروازەی تەل ئەبیاد لە باکووری رەققە، هەروەها گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی پەناگە بۆ لێپرسینەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی سەرچاوەکان، دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە) نزیکەی 385 پەنابەری لە نێوانیاندا ژن و منداڵ، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا رادەستکردووە.

سەرچاوەکانی ناو دەروازەکانی تەل ئەبیاد، باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە بۆ نۆرس پرێسیان بڵاوکردەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێی سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە شەش هەزار و 600 دیپۆرتکراو.