سەرکردەی “دیفاع وەتەنی” دەست بەسەر فڕنێکی حکومیدا دەگرێت لە حەسەکە و چەکدارانی حکومەتی سوریا لە ناوچەکە دەردەکات
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت، بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، عەبدولقادر حەمۆ، سەرکردەی گرووپی “دیفاع وەتەنی” دڵسۆزی رژێمی سوریا، دەستی بەسەر فڕنێکی ناندا گرتووە لە ناوەندی چوارگۆشەی ئەمنی حکومەت لە حەسەکە، چەکدارانی حکومەتی سوریای لەو ناوچەیە دەرکردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، حەمۆ دەستی بەسەر فڕنی نانی “ئەلبەعس”دا گرتووە کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت لە ناوەندی ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی، دوای ئەوەی فڕنەکە ئامادەنەبوو نان بەسەر خۆی و ئەندامانی گروپەکەیدا دابەشبکات.
حەمۆ، دوای دەرکردنی کارمەندانی سوپا و کاروانە سەربازییەکان، دوو بارەگای سەر بە گروپەکەی لە ناوەڕاستی چوارگۆشەی ئەمنی لە هێزەکانی حکومەت وەرگرتوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سێ رۆژ لەمەوبەر هەواڵی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەربڵاوبوو.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی حکومەت هێزی پشتیوانی سەربازی و ئۆتۆمبێلی سەربازییان هێناوەتە ناوچەکە، بەبێ ئەوەی زانیاری پشتڕاستکراویان پێبگات سەبارەت بە هۆکاری گرژییەکە لەگەڵ سەرانی “دیفاع وەتەنی” دڵسۆزیان.
دانیشتوانی حەسەکە رایانگەیاند، کە شەوی رابردوو گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە لەناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، حەسەکە گرژیی ئەمنیی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی “حەمۆ” هێرشی کردە سەر شێخ عەبدولعەزیز محەمەد ئەلمسڵەت، کە یەکێکە لە سەرۆکهۆزەکانی جبور، دوای ئەوە ئەندامانی هۆزەکە خۆپیشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر بارەگای “دیفاع وەتەنی” لەناو چوارگۆشەی ئەمنی .
ئەو گرژییە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام بوو، دوای ئەوەی پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکە کەوتنە دانوستان لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکان و پارێزگاری حەسەکە، کە بەڵێنی پێدان “حەمۆ” گۆشەگیر بکات و گروپەکەی لە حەسەکە دەربکات، بەبێ ئەوەی پابەند بێت بەو بەڵینەوە.