ئەمریکا و عێراق هەماهەنگی دارایی نێوانیان تاوتوێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هەماهەنگی دارایی نێوانیان تاوتوێکرد.

لەوبارەوە سوودانی رایگەیاند، کە ھەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە دامەزراوە داراییەکاندا لە ھەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس رۆزنبێرگ و شاندی یاوەری کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا، ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان دامەزراوە داراییەکانی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی رێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراقەوە لە جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکاندا بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

باس لەوەش کراوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە “بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە کەرتی بانکیدا کە بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی، ئەوەیش لە رێگای پشت بەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان”.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە “ئەم چاکسازییانە بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە ھۆی کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە، ھەروەھا چارەسەرکردنی بازرگانی گوماناوی و سنووردارکردنی گەندەڵی”، گوتیشی “ھەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە دامەزراوە داراییەکاندا لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا”.

لە راگەێنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس رۆزنبێرگ ستایشی ھەنگاوە گەورەکانی حکوومەتی عیراقی کردووە لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی و بانکیدا.