دەسەڵاتدارانی تورکیا 490 پەنابەری سوریا دیپۆرت دەکەنەوە
گرێ سپی – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 490 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا بە زۆرەملێ دیپۆرتکردەوە.
دوێنێ سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 490 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەواوە دیپۆرتکردەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، لە هەردوو دەروازەکەوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کردنەوە”.
سەرچاوەکە روونیشیکردەوە، 110 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراون لە دەروازەی گرێ سپی لە باکووری رەققە و بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ پەناگەکانیان.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، نزیکەی 380 پەنابەر، کە ژن و منداڵیشیان تێدا بووە، لەڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە رادەستی میلیشیای تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کراونەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە و ناسنامەکانیانی لێوەرگرتوون و پەنجەمۆر کراون بۆ دڵنیابوون لەوەی ناگەڕێنەوە بۆ خاکی تورکیا.
سەرچاوەکان لە دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوی زۆرەملێ بۆ سوریا گەیشتووەتە زیاتر لە شەش هەزار کەس.