سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا دەخاتەڕوو
هەولێر – نۆرس پرێس
لە کۆتایی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەغدا، بە مەبەستی چارەسەر کردنی قەیرانی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری و شاندی یاوەری لە سەردانەکەدا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ساز کرد، تیایدا، سەرۆکوەزیران سوپاسی یەک هەڵوێستی فراکسیۆنە کۆردستانییەکانی کرد و رایگەیاند کە پاش گفتوفۆی دوورودرێژیان لە گەڵ سەرجەم لایەنەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایانگەیاند دوو پێشنیاری کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ خستوونەتەڕوو، کە درێژخایەنەکە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە و بۆ کورتخایەنەکەشیان یەکشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و بڕیارێک لەوبارەوە دەدرێت”.
دوێنێش سەرۆکوەزیران بارزانی، پەیامێکی لە روپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، “لەکۆبوونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردوەتەوە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند، : “ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەرم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووینەوە. لەکۆبوونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە”.
دەربارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ئاماژەی بەوەدا، “دووپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن. هەروەها بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووەو هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە”.
گوتیشی، “بەڕێز سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو: “بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت”.
ماوەی سێ مانگە مووچەی کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدراوە، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، کە هەرلایەیان ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناپابەندی لایەنەکەی دیکەیان.