لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە.. تورکیا پشتیوانی سەربازی نوێ بەرەو باکووری سوریا دەنێرێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە بەرەو میحوەری عەین عیسا لە باکووری رەققە، پشتیوانی و هێزی سەربازیی نوێیان هێنایە ناو خاکی سوریاوە.
کارمەندێکی ئەمنی لە دەروازەی گرێ سپی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی تورکیا بە یاوەری بارهەڵگری بارکراو بە بە بولدۆزەر و تۆپ، نزیکەی کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە بەرەو میحوەری سایلۆکانی شرکراک لە باکووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەین عیسا بەڕێکەوتوون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانە بە پشتیوانی و پارێزگاریکردنی میلیشیای “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا بووە، هەروەها لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێزی سەربازیدا دێت کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆ گوندەواری سەرێ کانیێ و گرێ سپی نێردراون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەمەش سێهەمین کاروانی پشتیوانی سەربازییە لەم مانگەدا و نازانرێت ئایا هێزە کۆنەکان بە هێزی نوێ گۆڕدراون یان نا. ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد