هێزێکی بەرەی نوسرە هەڵیکوتایە سەر بارەگایەکی نوسرە و دوو کەسی بریندارکرد
ئیدلب – نۆرس پرێس
شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، 14\9\2023، هێزێکی چەکداری بەرەی نوسرە لە پارێزگەی ئیدلب لە باکوری سوریا، هەڵیکوتایە سەر بارەگایەکی هێزی (سەرایا موقاومە) کە سەر بەرەی نوسرە خۆیەتی، لە ئەنجامی پێکدادان دوو لە چەکدارانی سەرایا موقاومە برینداربوون و چەکدارێکی دیکەش دەستگیر کرا.
سەرچاوەیەک کە لەناو دەزگای ئەمنی بەرەی نوسرە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزێکی بەرەی نوسرە هەڵیکۆتایە سەر بارەگەی سەرایا موقاومە بۆ گەران بەدوای کەسانی داواکراودا، کاتێک کە هێزێکی نوسرە گەیشتەو شوێنی مەبەست، دوو لە ئەندامانی سەرایا موقاومە هەوڵیاندا بە ماتورسکیلەک لە دەستی هێزە رابکەن، بەڵام تەقە لێیان کرا و بە برینداری دەستگیرکران، و ئەندامێکی دیکەش دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکە روونیشیکردەوە، بریندارەکان لەژێر چاودێری ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی ئیدلب گواستراونەتەوە، هاوکات ئەندامی سێیەمیش بۆ لێکۆڵینەوە لە دەزگای ناوەندی 107ی دەزگای ئەمنی گشتی بەرەی نوسرە گواستراوەتەوە.
لە 18ی حوزەیرانی رابردووەوە، بەرەی نوسرە، لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانییەوە، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی دژی سەرکردە و ئەندامانی خۆی بە تومەتی پەیوەندیکردن بەلایەنی دەرەکییەوە دەستپێکردووە.