بەهۆی بڕینی ئاوی رووباری فورات لە لایەن تورکیاوە.. رێکخراوەکان داوای دانانی میکانیزمێکی چاودێریکردن دەکەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەیان رێکخراو کە لە باکووری سووریا و رۆژئاڤا کاردەکەن، داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد میکانیزمێکی چاودێری سەربەخۆ دابمەزرێنێت بەهۆی بڕینی ئاوی رووباری فوراتەوە لەلایەن تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش لە راگەێنراوێکی هاوبەشدا هات، کە لە لایەن کۆمەڵەی “تەئەزور بۆ قوربانییەکان” بڵاوکرایەوە و کۆپییەکی دەستی نۆرس پرێس کەوتووە.
110 رێکخراوی سوریا سەرکۆنەی بێبەشکردنی هاووڵاتیانی سڤیل لە مافی دەستکەوتنی ئاوی پێویست و سەلامەتیان کرد، داواشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەپەلە و بەردەوام بۆ قەیرانی ئاو لە رۆژئاوای کوردستان و بێلایەنکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لە سیاسەت و گرژییە سەربازییەکان، بەپێی راگەینراوەکان.
نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری سەربەخۆیان کرد، سەبارەت بە رووباری فورات و هەموو سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان لە نێوان سوریا، تورکیا و عێراقدا، کە ئەرکی چاودێریکردنی پابەندبوونە بە رێککەوتنە واژۆکراوەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆ پشتگیریکردن لە گفتوگۆیەک لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکاندا، بەمەبەستی گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەیەکی بەردەوام کە گەرەنتی بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و گونجاو بکات.
داوایان لە حکومەتی تورکیا و لایەنەکانی دیکەی ململانێکان کرد کە پابەندی ئەرکەکانیان بن بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و رێز لە مافی هەموو سوورییەکان بگرن بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە و بەکارهێنانی.
ڕووباری فورات گرنگترین سەرچاوەی ئاو و کارەبایە بۆ رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا سنووردارکردنی توندی تێپەڕینی ئاو بۆ ناو خاکی رۆژئاڤا دەگنەبەر، ئەم سنووردارکردنانەش لە شوباتی 2021ەوە دەستیانپێکردووە.
ڕۆژی 12ی تەمموز، رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە کەوتنەوەی دۆخی کارەساتبار، بەهۆی پچڕانی ئاو بۆ نزیکەی ملیۆنێک کەس لە شاری حەسەکە، هاوکات داوای پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و رێگەدانی بە چوونە ژوورەوەی سەلامەتی ئاو بۆ وێستگەی “عەلوک” کرد، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ناوچەکەیە و وەبیر هەموو لایەنەکانی سوریایان هێنایەوە کە “وێستگە ئاوییەکان ژێرخانی مەدەنین و دەبێت هەمیشە بپارێزرێن.”
رێکخراوە واژۆکارەکان داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد سەرچاوەکانی ئاوی رووباری فورات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ سوریا و عێراقدا دابەش بکات، هەروەها دڵنیایی بدات لەوەی وێستگەی عەلوک لە گوندەواری سەرێ کانیێ بەردەوامە لە پەمپکردنی ئاو بۆ پێدانیشتووان، بەشێوەیەکی گونجاو و بێ پچڕان.
داواشیان لە هەموو لایەنەکانی ململانێی سوریا کرد کە پابەندی ئەرکەکانیان بن بەرامبەر بە مافەکانی هەموو سوریەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پێویست و سەلامەت.