گرتن و بریندارکردن لە گرێ سپی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیاوە

گرێ سپی – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، لە میانی کردەوەیەکی هەڵکوتانە سەر گوندی “حەمام ئەلتورکمان”دا لە باشووری گرێ سپی، دوو هاووڵاتی، کە یەکێکیان ژن بوو، بە گولـلەی یەکێک لە میلیشیا لایەنگرەکانی تورکیا برینداربوون و 13ی دیکەش دەستگیرکران، کە بە مەبەستی گەڕان بە دوای کەسانی داواکراواندا، بە تۆمەتی کارکردن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵیانکوتابووە سەر گوندەکە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “میلیشیای ئەحرار ئەلشەرقیە بە هەماهەنگی لەگەڵ شورتەی عەسکەری سەر بە تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکان لە گوندی حەمام ئەلتورکمان لە باشووری گرێ سپی، لە گوندەواری باکووری رەققە، تیایدا بەدوای ئەو خەڵکانەدا دەگەڕان، کە تۆمەتی کارکردن بۆ “هەسەدە”یان دەدایە پاڵیان”.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی هەڵکوتانەکەدا تەقەی هەڕەمەکیی بە ئامانجی دروستکردنی ترس لە ناوچەکە کراوە، ئەمەش وایکردووە ژنێکی تەمەن سی ساڵان و پیاوێک کە ئامۆزای ژنەکە بوو، بە سەختی بریندارببێت و بۆ نەخۆشخانەی گرێ سپی گوازرانەوە، ئەمەش توڕەیی پێکهاتەی تورکمانی لە گوندەکە لێکەوتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، پەلامارەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 13 هاووڵاتی سڤیلی خەڵکی گوندەکە بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکە کوردییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی گرێ سپی.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی